دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییە خەڵکی سنە، بەناوی “محەممەدجەعفەر محەممەدی” لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندرانە دەسبەسەر کراوە و ماڵەکەشیان پشکنیوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی محەممەدجەعفەر محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بێڕێزیکردن ماڵەکەیان پشکنیوە و دواتر ناوبراویان دەسبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ناوبراو باوکی “مورتەزا و سیروان”ـە کە لە درێژەی شۆڕشی ژینا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەرکرابوون کە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعات بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و وێڕای شکاندنی دەرگا و پەنجێرە و هەروەها دزینی پارە و زێرەکانیان، ناوبراویان دەسبەسەر و گوازستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.