بانگکردنی ژنە چالاکێکی خەڵکی سنە لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: بەیان فەرەجوڵڵاهی، چالاکی خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵی پێی ڕاگەیەندرا و بە مەبەستی دادگاییکردن لەسەر ئەو تۆمەتانە لەلایەن ئەو ناوەندەوە بانگ کراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەیان فەرەجوڵڵاهی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، بە مەبەستی پێڕاگەیاندنی ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنە بانگ کراوە و پێشتریش ٣جاری دیکە هەروا بانگ کراوەتەوە و دەبێ ناوبراو ٦ڕۆژی دیکە لەو دادگایە ئامادە بێت.

ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە، تۆمەتی دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامی دراوەتە پاڵی و پێی ڕاگەیەندراوە کە دەبێ رۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنە ئامادە بێت و خۆی بناسێنێ.

جێی ئاماژەیە کە، بەیان فەرەجوڵڵاهی ڕۆژی شەممە، ٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، پاش ٤١ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی دوو ملیار تمەن و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەکوو مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی بێبەری کراوە و هەروەها باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونیشی ناجێگیر بووە و هەروەها ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر کرا.