پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی پەیڕەی ئایینیی یارسانی خەڵکی کرماشان پاش زیاتر لە یەکساڵ بەندکردن، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانەکەی پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان و یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینیی یارسان کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی کوشتی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرا و پشتڕاست کرایەوە.
ئەو سزایە بە دانپێدانانی زۆرە ملێی ڕەزا ڕەسایی و چەند کەسێکی دیکە کە لەگەڵی دەسبەسەر کرابوون دوای چەند مانگ ئەشکەنجە و دروستکردنی پەروەندە، بەسەریدا سەپێندراوە و هیچ بەڵگەیەک لەو بارەیەوە لە ڕووی یاساییەوە تا ئێستا نەخراوەتە ڕوو و لە بەردەستدا نییە و هەروەها لەماوەی ٤مانگی سەرەتای دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، لە هەبوونی مافە سەرەتاییەکانی وەکوو پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵکەی بێبەریی کراوە .
شایانی باسە کە، ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ساڵێ ڕابردوو، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر پاش لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای شاری کرماشان گوازرایەوە.