بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی سەڵماس پاش ٣ساڵ بەندکردن بەشێوەی مەرجدان ئازاد کرا

خۆڕاگری: سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەڵماس، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەندکردن، بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس دوای ٣ساڵ بەندکران کە سزاکەی ٥ساڵە، بێ مافی مرەخەسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەشێوەی مەرجدار ئازاد کرا و تا ئێستا لە مافی ئازادیی کاتیی بێبەشکرابوو و هەروەها لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندجار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتبوو و جارێکیش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.
سوهەیلا محەممەدی، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ئاکامی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و ڕێگرییان لە ئازادیی کاتیی و بێبەریکردنی لە لێبوردنی گشتی، هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە لە ئاکامدا لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە ڕزگار کرابوو و هەروەها وەرزی پاییزیی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە شاری سەڵماس لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕیژیمی ئێرانەوە دەسبەسەرکرا و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.
جێی ئاماژەیە کە، دواتر ناوبراو لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و لەو کاتەوە بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیرابوو.