سەپاندنی سزای پێبژاردن بەسەر دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی “شاهۆ بەرهەم و ئێحسان محەممەدی” لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای پێبژاردنی نەغدیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی هەینی، ١ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: شاهۆ بەرهەم و ئێحسان محەممەدی، دوو لاوی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینای خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١ی تاوانەکانی ١ی تایبەت بە تازەلاوانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە پارێزگای ورمێ، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی وبەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی شنۆ، سزای پێبژاردنی نەغدی هەرکامیان بە بڕی ٢٥ملیۆن تمەنیان بەسەردا سەپێندراوە.

 ئەو دوو لاوە دەسبەسەر کراوە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵ پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەکساڵ بەسەر دەسبەسەربوونیاندا هەکامیان بە دانانی بارمەت ١ملیاردتمەنی بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کران و هەروەها شاهۆ بەرهەم، ١٩ی ڕەزبری ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئەوەیکە بەشداری لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا کردبوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ و پاش لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

هەروەها ئێحسان محەممەدی ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری شنۆ بانگ کرا و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ورمێ کرا و لەماوەی لێکۆڵینەوەدا لەلایەن ڕێژیمەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.