
خۆڕاگری: محەممەد محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری پیرانشار و دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزای ٢ساڵ بەندكردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەد محەممەدی (شێخاڵی) هاووڵاتیی خەڵكی شاری پیرانشار و یەکێک لە دەسبەسەركراوانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ساڵ بەندکردن، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، پاش ٤مانگ دەسبەسەربوون و لێكۆڵینەوە، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.