خۆڕاگری: عەبدوڵڵا ڕەزایی خەڵكی کرماشان و عەلی دڵفروز خەڵکی ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی ” ٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی میلادی”، عەبدوڵڵا ڕەزایی، چالاکی ناسراوی پیشەیی مامۆستایان لە کرماشان و هاووڵاتیی خەڵكی هەرسین و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زانیینی”، عەلی دڵفروز هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری “ئەیوان”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییانە لە پاش دەسبەسەرکردنیانەوە تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و جارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە و هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی سەرەڕای دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، ماڵەکەشیانیان بەتەواوی پشکنیوە و دەستی بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیاندا گرتووە.
