بەندکراوێکی سیاسیی کورد پاش ماوەی ٢ساڵ بەندکردن بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: موحسین ئەحمەدزادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد پاش زیاتر لە ٢ساڵ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زینداییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، موحسین ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “کۆسە کەرێز”ـی سەربە شاری مەهاباد، پاش ٢ساڵ و ٨ مانگ و ٢١ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٣ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

ناوبراو لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەسبەسەربووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تۆمەتباریان کردووە بەوەیکە هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەکات.

جێی ئاماژەیە کە، موحسین ئەحمەدزادە ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم لە شاری ورمێ.