دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆراگری: ئەرسەلان یووسفی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، زیاتر لە یەک حەوتووە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی شەممە، ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان، ماوەی زیاتر لە یەک حەوتوو دەبێ کە ئەرسەلان یووسفی هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و هەموو هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەشی بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

ماوەی ٨ ڕۆژە ئەرسەلان یووسفی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان دەسبەسەر کراوە و هەروەها ئەو هێزە چەکدارانە ناوبراویان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانی وەک ماشێن و مۆبایلەکەیدا گرتووە و ناوبراو تائێستا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفوونی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری  کراوە.

شایانی باسە کە، ئەرسەلان یووسفی ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیران و هەروەها هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.