سەپاندنی سزای یەک ساڵ بەندکردن بەسەر ژنە وەرزشوانێکی خەڵکی خوڕەمئاوا

خۆڕاگری: مەعسوومە سولەیمانی، هاووڵاتیی خەڵکی خوڕەمئاوا و هەڵگری میداڵی بڕۆنزی جیهانی زۆرانبازی لە قەزاقستان، سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممەی حەوتووی ڕابردوو (١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، مەحسوومە سولەیمانی، تەمەن ٣٦ساڵانی خەڵکی خوڕەمئاوای سەربە پارێزگای لوڕستان، لەلایەن لقی ١٠٧ی دادگای کەیفەری ٢ی ڕێژیم لەو شارە بە سەرۆکایەتی “مستەفا سۆهرابی” بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی بەدژی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” سزای یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.

 مەعسوومە سولەیمانی، ناوبژیوان و ڕاهێنەری زۆرانبازی، بە شێوەی ڕەسمی لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای یەکساڵ بەندکردنی پێ ڕاگەیەندرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە و هەروەها ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ بۆ دووهەمینجار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە خوڕەمئاوا دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە وبە شێوەی کاتی ئازاد کرا و لە کاتی خۆپیشاندانە سەرناسەرییەکانی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کراوە.