دەسبەسەرکردنی هەشت هاووڵاتیی خەڵكی سەرپێڵ زەهاو لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هەشت هاووڵاتیی خەڵكی سەرپێڵ زەهاو لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی هەینی، ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەشت هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەرپێڵ زەهاو بەناوەکانی “حامید ئەلیاسی، یوسف ئەلیاسی، عومەر بابایی، محەممەد عەزیزی، ئارمین مورادی، محەممەد یوسفی، کۆماری نادری و یوسف نەیریزی، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی دووشەممە، ٧ی بەفرانباری ئەمساڵ لە شاری کرماشان و سەرپێڵ زەهاو، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراون و سەرەڕای تێپەڕبوون ١٤ڕۆژ تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.