دادگای ڕێژیم لە سنە حەوت چالاکوانی کرێکاری و ژینگەیی بانگ کردووە

خۆڕاگری: حەوت چالاکوانی ژینگەیی و کرێکاریی خەڵكی سنە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە بانگ کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، حەوت چالاکوانی ژینگەپارێزی و کرێکاریی خەڵكی شاری سنە بەناوەکانی ئێغباڵ شەبانی، فەردین میرەکی، سەیدخالید حوسێنی، شەیس ئەمانی، فەرشید عەبدوڵڵاهی، سووسەن ڕازانی و جەماڵ ئەسەدی، لەلایەن لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادگای گشتی و ئینقلابی ئیسلامیی ئێران لەو شارە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بانگ کراون.

دادگای ئینقلابی ڕێژیم جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو ٧چالاکوانی دەبێ لەماوەی ٥ڕۆژی داهاتوودا لە دادگا حازر بن، ئەو هاووڵاتییانە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم بانگ کراون و لەلایەن دادگاوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ و پێشتریش هێندێک لەو هاووڵاتییانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە بانگ کرابوون و هەڕەشەیان لێکرابوو بەهۆی ئەوەیکە بەشداریان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دایکی شەهیدی شۆڕشی ژینادا کردبوو.