ناڕوونی چارەنووسی ژنە دەسبەسەرکراوێکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: شەهێن مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵكی سەقز و خاوەنی دوو وڵاتنامەی ئێران و نۆروێژ، ماوەی حەفتەیەکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەوڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٤ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی” شەهین مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز و خاوەن دوو وڵاتنامەی نۆروێژ و ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەفتەیەک دەسبەسەربوون تائێستا چارەنووسی دیارە.

 ناوبراو پاش دەسبەسەرکردنی، لە ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سەقز گوازراوەتەوە بۆ ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

شایانی باسە کە شەهێن مەحموودی، ڕۆژی هەینی حەوتی مانگی سەرماوەز لە وڵاتی نۆروێژەوە گەڕاوەتە بۆ کوردستان و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ناسنامەکەی نۆروێژی بەناوی “shine mahmoudi” تۆمار کراوە و تائێستا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.