هاووڵاتییەکی خەڵكی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: ئیدریس کارساز، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ساڵ بەندکردن دەسبەسەر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیدریس کارساز، هاووڵاتیی تەمەن ٤٧ساڵانی خەڵکی شاری شنۆ کە پێشتر سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شنۆ.

ناوبراو مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شنۆ، بەتۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە بەفەرمیی پێی ڕاگەیەندراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئیدریس کارساز ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ ئەمساڵ، لە ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ماڵەکەیان و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ پاش نزیکەی یەک مانگ و ٢٠ڕۆژ ڕاگیران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی شنۆ ئازاد کرا.