دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵكی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: حوسێن فیرووزی و هیوا فەیزی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، حوسێن فیرووزی و هیوا فەیزی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسیان ناڕوونە.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆمای ئیسلامی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.