سۆڵماز حەسەنزادە، پاش حەفتەیەک مانگرتن لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا

خۆڕاگری: سۆڵماز حەسەنزادە، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو و خوشکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا، پاش نزیکەی ١٥ڕۆژ دەسبەسەربوون و ٨ڕۆژ مانگرتن، بەدانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، سۆڵماز حەسەنزادە، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان و خوشکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، پاش ١٤ڕۆژ دەسبەسەربوون کە لەو ماوەیەدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر هەڵسوکەوتە دڕەندەییەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانە، لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ مانگی لە خواردن گرتبوو، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی لەو بەندیخانەیە ئازاد کراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی “ئەحمەد حەسەنزادە” باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی سۆڵماز و باوکیان دەسبەسەر کرد و پاش ماوەیەک باوکی ئازاد کرا و ناوبراویش گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، سۆڵماز حەسەنزادە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە نادیاربوونی چارەنووسی و دەستپێرانەگەیشتن بە پارێزەر و بەندکردن لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمی، مانی لە خواردن گرت و بۆ ماوەی ٨ڕۆژ بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.