دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی “موحسین ئاجی” لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، موحسین ئاجی، هاووڵاتی خەڵکی گوندی “کانی بوداغ”ـی سەربە شاری پیرانشار، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەمەبەستی لێپرسینەوە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبر لە پاش بانگکردنی بۆ ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارن، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری بانگکردن،  دەسبەسەرکردن،  شوێنی ڕاگیرانی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەروەها هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە وڵامی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە.