ژنە چالاکوانێکی خەڵکی پاوە جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە

خۆڕاگری: فرمێسک بابایی، چالاکوانی بواری ژنانی خەڵکی پاوە، دوای ئەوەیکە بە بنەماڵەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ کرابوون، جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، دوای بانگکردنی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی بابایی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری پاوە، فرمێسک بابایی، چالاکوانی بواری ژنان دەسبەسەر کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری کرماشان.

ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە پاوە، دوای زیاتر لە ٢کاتژمێر لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە، ناوبراویان دەسبەسەر کرد و ئەوانی دیکەیان بە بەڵێننامە ئازاد کردووە و هەروەها باوک و دایکی ناڕەزایەتییان سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی کچەکەیان دەربڕیوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەوپەڕی دڕەندەییەوە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و کردەوەی توندوتیژییان بەدژیان بەکار هێناوە.

شایانی باسە کە، فرمێسک بابایی، ساڵی ڕابردوو لە بەرەبەری ساڵڕۆژی “فتوای جیهادی خومەینی بەدژی کوردستان”، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا.