دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵكی سەقز بەناوەکانی “عەبدوڵڵا کەریم‌گوڵان، ئازاد خادم و سارۆ عەزیزی” لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، عەبدوڵڵا کەریم‌گوڵان هاووڵاتیی خەڵی سەقز و ئازاد خادم و سارۆ عەزیزی، دوو مامۆستای خەڵکی ئەو شارە، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون.

ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، ئەو سێ هاووڵاتییەی بەتۆمەتی ئەوەیکە لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم ئەندامن، دەسبەسەر کردوون و تائێستا هیچ زانیاریییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە، بەڵام لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریست لە سەقز ڕاگیراون.