خۆڕاگری: حەوت هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ کە یەکیان مێرمنداڵە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ بەناوەکانی ئومید خاکی، سولەیمان نەقدی، یاسین مەحموودی، موختار باباخانی، یاسین ڕەمەزانی، کەیهان ئەڵڵامورادی و محەممەد مەحموودی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراون.
هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو ٧هاووڵاتییە کە بەشێوەی توندوتیژی بووە هێندێکیان بەهۆی لێدان بریندار بوون و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی ئەو هاووڵاتییانە دەسبەسەر کراون و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.