دەسبەسەرکردنی باوک و کوڕێکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کەریم کەریمانی، هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە و ئاسۆ کەریمانیی کوڕی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کەریم کەریمانی و ئاسۆ کەریمانی، باوک و کوڕی خەڵکی گوندی “دەشتی قوڕێ”ـی سەر بە شاری نەغەدە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو کوڕ و باوکە پاش دەسبەسەرکردنیان تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و ئەوە نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتۆتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش هیچ وڵامێکیان نادەنەوە.