دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: عەلائەدین فەتحی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەلائەدین فەتحی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دیواندەرە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە ئاکامی هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە کە دۆخێکی تۆقێنەریان دروست کردووە، دایکی عەلائەدین تووشی شۆکی دەروونی بووە و بەپەلە گواستوویانەتەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەو شارە و لەوێشەوە گوازراوەتەوە بۆ ژووری چاوەدێری تایبەتی پزیشکان.

شایانی باسە کە، پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، تائیستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەر کوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی بنەماڵەکەیان نەداوەتەوە.