هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: حوسێن مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک ٣مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، حوسێن مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گەرگولی خوارێ”ـی سەربە شاری پیرانشار کە پێشتر سزای ١٥مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نەغەدە کراوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای ساڵێک و٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و دواتر ئەو سزایە کەمکراوەتەوە بۆ ساڵێک و ٣مانگ بەندکردن.

شایانی باسە کە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کرد و ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەدانانی بارمتەی ٢ملیاردتمەنی و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا و هەروەها حوسێن مەحموودپوور، لەماوەی دەسبەسەربوونیدا ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار و ٢٥ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.