دەسبەسەرکردنی لاوێکی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: حەوتووی ڕابردوو لاوێکی تەمەن ١٩ساڵانی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی “ئوسامە هوشەنگی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئوسامە هوشەنگی، قوتابیی تەمەن ١٩ساڵانی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و پاشان گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو، ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ، هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە جوانڕۆ، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەوتوو تائێستاش چارەنووسی دیار نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ئەوەش ئەو بنەماڵەیەی نیگەران کردووە.

شایانی باسە کە، لەکاتی دەسبەسەرکردنی ئۆسامە هوشەنگییەوە تائێستا کە زیاتر لە حەوتوویەک تێپەڕێوە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.