چالاکوانێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: جەمشید چەرخکار، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، جەمشید چەرخکار، چالاکوانی ژینگەپارێز و ئەندامی گرووپی شاخەوانی “چلچەمە” و خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبرا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.