دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: هێمن ڕەحیمی، ئەحمەد و مەحموود خودادادی، سێ هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “جۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٩ی ١٢ی ٢٠٢٥ی زایینی) ئەحمەد و مەحموود خودادادی دوو برا و هێمن ڕەحیمی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری نەغەدە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسیان نادیارە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەی جیاواز هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو سێ هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.