خۆڕاگری: نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ، لەلایەن دەزگای قەزایی و کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١٥ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕگری” ڕایگەیاند: نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری ورمێ کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکەی، سزای ١٥ساڵ بەندکردنی تەعزیری و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە ورمێ کە خۆی لە دادگا حازر نەبووە، بەتۆمەتی “محاربە” لە ڕێگەی ئەندامبوو لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خاکەلێوە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا و هەروەها جارێکی دیکەش پاش گۆڕینی تۆمەتەکەی لە محاربەوە و بۆ بەغی لەلایەن هەمان دادگاوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی خاکەلیوەی ١٤٠٠ی هەتاوی کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بووە، دوای وازهێنانی لەو حیزبە و وەرگرتنی “ئەماننامە”ـی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم گەڕاوەتەوە بۆ شاری ورمێ و لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، ئەوە لە کاتێکدایە کە سپای تێرۆریستی پاسداران ئەوکات بەشێوە تەنیا بەشێوەی زارەکی ئەماننامەی بە بنەماڵەکەی داوە و دواتر لەژێریشی دەرچووە کە هیچ ئەماننامەیەکی بەو بنەماڵەیە دابێ و پاش ٣مانگ بێسەروشوێنبوون و لەژێر قورسترین ئەشکەنجەدا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و دواتر گوازراوەتەوە بح بەندیخانەی ناوەندی ورمێ.
شایانی باسە کە، نایب عەسکەری لە ئێستادا کە لە بەندیخانەدایە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و ناتەندروستیی ئاوی بەندیخانەکەش زیاتر کاریگەری خراپی هەیە لەسەر تەندروستی ناوبراو و بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیەش لەو بارەیەوە هیچ گرینگییەک بە تەندروستیی نادەن و ڕۆژبەڕۆژ دۆخی تەندروستی خراپتر دەبێ.