خۆڕاگری: کاوە ئەحمەدزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان، بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە ڕێگری لێکراوە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت، گیانی لەدەستداوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ۱٦ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ی هەتاوی (۷ی ۱۲ی ۲۰۲٥ی زایینی) کاوە ئەحمەدزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان، کە چەند مانگێک بەهۆی کێشەی دارایی خراوەتە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە و وێڕەی ئەوەیکە بۆخۆی چەند نەخۆشییەکی هەبوو لەوێ تووشی پەتای ئەنڵۆنزا بووە و بەهۆی ئەوەیکە ڕێگری لێکراوە کە دەستی بە چارەسەری پزیشکی ڕابگات گیانی لەدەستداوە.
ناوبرای یەکێک لە بەنکراوانی سیاسیی ساڵی شەستەکانی هەتاوی بوو کە پێشتر بەتۆمەتی سیاسی چەندجارێک لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو و هەروەها بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای نزیکەی شەش ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
