خۆڕاگری: لەدرێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی ڕێژیمدا بۆ سەر کوردستان، دە هاووڵاتیی خەڵكی سنە بەناوەکانی “بەیان فەرەجوڵڵاهی، خالید سەیفپەناهی، ئارمان سەلیمی، قانع خاتری، دلێر ئەسکەندەری، جەمال خوداڕەحمی، کەیوان زەندکەریمی، شاهۆ محەممەدی، خەبات ئەسەدی و وریا موعید”، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‘خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٣ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، بەیان فەرەجوڵڵاهی، خالید سەیفپەناهی، ئارمان سەلیمی، قانع خاتری، دلێر ئەسکەندەری، جەمال خوداڕەحمی، کەیوان زەندکەریمی، شاهۆ محەممەدی، خەبات ئەسەدی و وریا موعید، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسیان ناڕوونە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار کە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی لەبەردەستدا نییە.
