باوکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا پاش ٣مانگ دەسبەسەربوون بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ماشەڵڵا کەرەمی، خەڵکی بیجار و باوکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، پاش ٣مانگ بەندکردن بەشێوەی کاتیی لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە کەرەج ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ماشەڵڵا کەرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بیجاڕ و باوکی “محەممەد‌مێدی” کەرەمی تەمەن ٢٢ساڵان کە لە کاتی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە درا، پاش ٣مانگ دەسبەسەربوون لە یەکێک لە گرتنگەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری کەرەج، بە دانانی بارمتەی قورس بە بری ٧ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

ماشەڵڵا کەرەمی، ٣مانگ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی ناوەندی و دواتر لە بەندی ١٥ی بەندیخانەی شاری کەرەج ڕاگیرابوو و هەروەها بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە تا ئەو کاتەی کە کۆبوونەوەی دادگاییکردنەکەی دەست پێ دەکات دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەسەردا دەسەپێندرێ.