بەندکراوێکی مەزهەبیی کورد لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە درا

خۆڕاگری: ئەیووب کەریمی، بەندکراوی خەڵکی مەهاباد پاش ١٤ساڵ بەندکردن کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، سزای لە سێدارەدانی ئەیووب کەریمی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە لە بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج کەرەج جێبەجێ کرا و جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەر سزای سێدارەی “قاسم ئابستە” یەکێکی دیکە لە هاودۆسییەکانی ناوبراو هەر لەوبەندیخانەیە جێبەجێکرابوو.

ئەیووب کەریمی و شەش چالاکی مەزهەبیی کوردی دیکە بەناوەکانی “داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت، کامڕان شێخە و قاسم ئابستە” بە تۆمەتی کوشتنی عەبدوڵڕەحیم تینا، لەلایەن لەقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە تاران بە سەرۆکایەتیی قازی “مەقیسە” بەتۆمەتگەلی وەکوو؛ چالاکی دژی ئاسایشی گشتیی، چالاکی دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان و “فساد فی الارض” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.