هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو کە بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان

خۆڕاگری: عەلی گوڵ‌محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا کە بە شێوەی کاتیی بە دانانی بارمتەی ئازاد کرابوو، ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، عەلی گوڵ‌محەممەدی، خەڵکی شاری بۆکان،مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی سەرانسەرییەکاندا کردووە، دەسبەسەر کراوە و دواترلەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ڕێژیم لەو شارە سزای ٣٢مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

عەلی گوڵ‌محەممەدی، پاش کۆتاییەکانی قۆناغی لێکۆڵینەوە، لە گرتنگەیەکی ئیتلاعاتی رێژیمەوە لە بۆکان گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە و هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.