دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی هەوشار لەلایەن چەکدارانی رێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەمین مۆئمێن‌زادە، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “ئاغەرە”ـی ناوچەی هەوشار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەهۆی ناڕەایەتیی دەربڕین دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەمین مۆئمێن‌زادە، خەڵکی گوندی “ئاغەرە”ـی سەربە شاری تیکاب لە ناوچەی هەوشار، لەلایەن ژمارەیەکی زۆری تێکەڵاو لە هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و هێزە سەرکوتکەرەکانی پۆلیسی ڕێژیم لە شاری تیکاب، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی مۆئمێن‌زادە و سەردانیان بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە تیکاب، تائێستا هیچ زانیارییەک ڕاست ودروست لەسەر باردودۆخ، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئاوایی ئاغەرە بەدژی نەبوونی هەلی کار لە کانگای زێڕی ئاواییەکەیان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نزیکەی ٥٠هاووڵاتیی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کردووە.