هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: تاریق ڕەحیمپوور، هاووڵاتی سنە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی هەینی، ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی،  ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: تاریق ڕەحیمپوور، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “ئەوێهەنگ”ـی سەربە شاری سنە،  لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنە بە ئامادەبوونی قازیی “کەرەمی” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی حکوومەت و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لەکاتی دەسبەسەربوونیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گیراوە و تائێستا هەروا لای ئیتلاعات ڕاگیراون و پێی نەدراوەتەوە و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیشیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر ئەشکەنجە و لێدان.

شایانی باسە کە تاریق ڕەحیمپوور، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە کە بە هێزێکی سەرکوتکەری ١٢کەسییەوە هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کارەکەی، بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.