هاووڵاتییەکی خەڵکی دەڕەشار بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: د. بەختیار محەممەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشار بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ساڵ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، دوکتور بەختیار محەممەدزادە، خەڵکی شاری “دەڕەشار”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، کە لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا ٢جار لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، جارێکی دیکەش دەسبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کراوە.

د. بەختیار محەممەدزادە، لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەئیلام، دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، پاش نزیکەی ٢مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣ملیارتمەنی و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە کە، د. بەختیار محەممەدزادە کۆتاجار لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئیلام، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.