دەسبەسەرکردنی بەندکراوێکی پێشوو وێڕای بنەماڵەکەی لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: پوریا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەگەڵ هاوسەر و منداڵە تەمەن ٤ ساڵانەکەی لە ڕێگای سنە بۆ مەریوان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەستبەسەرکران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ۱۰ی گەلاوێژی ۱٤۰۲ی هەتاوی، پوریا ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاوسەرەکەی بەناوی “سەحەر ئەحمەدی” لەگەڵ منداڵە چوار ساڵانەکەیان، لە کاتی ڕۆیشتنیان لە سنەوە بۆ مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ئۆتۆمبێلەکەیان دراوەتە بەر دەسڕێژی گولە و دوای ڕاگیرانیان دەسبەسەرکراون.

پاش تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر، منداڵە تەمەن ٤ ساڵانەکەیان ئازاد کراوە و ڕادەستی دایک و باوکی پووریا ئەحمەدی کراوە و هەروەها ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان لەسەر جەستەی ئەو منداڵە بینیراوە کە هێزە سەرکوتکەرانی ڕێژیم ئازار و ئەزیەتییان داوە.

شایانی باسە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ناوبراو و خێزانەکەی لە بەردەستدا نییە.