‌سەپاندنی سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵكی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: عەلی دانشی، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە، سزای ٤مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، عەلی دانشی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەهاباد لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای چوار مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو ڕۆژی ١٩ی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و پاش لێکۆڵینەوەی و لێپێچینەوە کە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد، دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.