ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵكی مەهاباد

خۆڕاگری: ژمارەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵكی مەهاباد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەرزتر بۆتەوە و بە ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییەکی دیکە، ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتووەتە ١٣کەس.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد ماوەی چەند ڕۆژێکە بەشێوەی هەڕەمەکی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی ١٣هاووڵاتیی خەڵكی ئەوشارەی دەسبەسەر کردووە و ئەمڕۆ ناسنامەی هاووڵاتییەکی دیکە ئاشکرا بووە کە ناوی “عەبدوڵڵا قووە”ـیـە و خەڵکی مەهابادە و هاوشێوەی ئەو ١٢هاووڵاتییەی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی تائێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە بە بنەماڵەکانیان نەداوە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو ١٣هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە بێئاکام ماوەتەوە و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

شایانی باسە کە، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی هاووڵاتییەکی کورد و بەتایبەت خەڵكی شاری مەهاباد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم دەکات و ڕایدەگەیەنێ کە، لەماوەی ڕۆژانی ئەو ڕابردوودا ئەو ١٣هاووڵاتییەی خەڵکی مەهاباد کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بەڵگەی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنیان لە بەردەستدا نییە، تەنیا هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی هاووڵاتییان و دەسبەسەریان کردوون و هێندێکیان شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە، هەربۆیە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامی کە لە هەمبەر خەڵکی کوردستان دەیانکات، ئیدانە و مەحکوومی دەکات.