
خۆڕاگری: بەرزان محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی سەروئاوا و ئەحمەد قادری، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی پیرانشار، بۆ هەمیشە ماڵاواییان لە ژیان کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: بەرزان محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی گوندی “گۆشتخان”ـی سەربە سەروئاوا، بەهۆی ڕووداوی کارەوە دوور لەزێدەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکاری کرد.
ناوبراو کەسایەتییەکی چالاک و دژبەری چەوسانەوە و نادادپەروەری بوو و بەردرێژایی تەمەنی هیچکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کۆڵی نەدا و بەردەوام پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسیی دەکرد.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەحمەد قادری ناسراو بە “خاڵە مینیە” بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری پیرانشار بەشێوەیەکی دڵتەزێن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و بۆ هەمیشە ماڵاوای لە ئازادیخوازانی نەتەوەکەی کرد و هاوکات سێ براشی شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری گەلی کوردە.
جێی ئاماژەیە کە ناوبراو لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەردەوام لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بوو و بەوهۆیەوە کێشەی بنەماڵەییشی بۆ دروست ببوو و لە ئاکامدا بەشێوەیەکی دڵتەزێن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت و سەرساغی و ئازادی بۆ خۆڕاگریی بەندکراوانی سیاسیی چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دەخوازێ.