مێرمنداڵێکی خەڵکی بۆکان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری” میلاد ناسری، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵكی بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٨مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سیشەممە، ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، میلاد ناسری، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵكی شاری بۆکان، لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لەو شارە بانگ کراوە و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١٨مانگ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆکان کراوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ١٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها لەسەر دەسبەسەرکردن و ئازادیی کاتیی “خۆڕاگری” هەواڵ و زانیاریی لەسەر ناوبراو لە کاتی خۆیدا بڵاو کردۆتەوە.