لێکۆڵەرێکی کورد بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: ئەژدەر پیری، توێژەر و لێکۆڵەری خەڵکی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١ساڵ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی کەرەج کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەژدەر پیری، توێژەر، لێکۆڵەر و  سەرنووسەری گۆڤاری نێودەوڵەتی “لێکۆڵینەوەی گەلان” و هاووڵاتیی خەڵكی شاری ورمێ، بە مەبەستی تێپەراندنی سزای ١ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج.

ناوبراو لە نیوەی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە کەرەج بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها بۆ ماوەی ٢ساڵیش چالاکیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی لێ قەدەغە کراوە و پێشتری “خۆڕاگری” هەواڵی دەسبەسەرکردن و ئازادیی کاتیی و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ناوبراوی بڵاو کردۆتەوە.