
خۆڕاگری: هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی، دوو چالاکوانی خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ۱۰مانگ بەندکردن و پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۹ی گەلاوێژی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی، دوو چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی قازی “موجتەبا غەفاری” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم، هەرکامیان سزای ٥مانگ بەندکردن و پێبژاردنی پارە بە بڕی ۱۰ملیۆن تمەنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو دوو چالاکوانە پاش مانگێک دەسبەسەربوون لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە سنە و بەندیخانەی سەقز، بەدانانی بارمتە ۱۰۰ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتیی ئازاد کران و هەروەها کۆبوونەوەی دادگاییکردنەکەشیان هەر لە بەندیخانەی ناوەندی سەقز بەڕێوە چووە.