خۆڕاگری: حامید نەباتی و مستەفا میسری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٨ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی “۲۹ی دێسامبری ۲۰۲٥ی زایینی” حامید نەباتی و مستەفا میسری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ئەو دوو هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەواڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.
