جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی بەنکراوێکی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: قاسم ئابستە، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد پاش ١٤ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەلایەن کۆماری ئیسلامییە ل سێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ١٤ساڵ بەندکردنی “قاسم ئابستە” بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شاری مەهاباد، لە بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج بە تۆمەتگەلی دژبە ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرد.

قاسم ئابستە، لەلایەن دادگاکانی ڕێژیمەوە وەکوو تۆمەتباری پەروەندەی کوژرانی “عەبدولڕەحیم تینا” ناسێنراوە و لەگەڵ شەش چالاکی مەزهەبی دیکەی کورد بەناوەکانی “داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو نەشارەت، کامڕان شێخە و ئەیووب کەریمی”، بەتۆمەتگەلی وەکوو چالاکیی دژبە ئاسایشی گشتیی، چالاکی دژبە حکوومەت، ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان و فساد فی الارض، سزای لەسێدارەدانیان  بەسەردا سەپێندراوە کە قاسم ئابسە سزاکەی بەسەردا جێبەجێ کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، قاسم ئابستە ڕۆژی شەممە، ١٦ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کراو و پاشان گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ و هەروەها ناوبراو لەو ماوەی ١٤ ساڵ بەندکردنەدا کە لە بەندیخانە بووە تووشی شێرپەنجەی “تیرۆئید” بووە و چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرتووە.