دەسبەسەرکردنی چالاکێکی کرێکاری خەلکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە لە تالان

خۆڕاگری: فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، فواد فەتحی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری تاران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا بنەماڵەکەی ئاگادار کردۆتەوە کە لە لقی ٧ی خانەی دادی “ئێڤین” تۆمەت دراوەتە پاڵی.

بنەماڵەی ناوبراو ڕۆژێک دواتر بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی کوڕەکەیان سەردانی خانەی دادی ئێڤینیان کردووە، بەڵام پێیان‌ڕاگەیەندراوە کە ناوبراو لە ڕیزبەندی سیستەمەکەیاندا ناوی تۆمار نەکراوە و ئیدی هیچ وڵامێکی ڕاست و دروستی ئەو بنەماڵەیەیان نەداوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، فواد فەتحی پێشتر بەهۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، دادگایی کراوە.