مامۆستایەکی خەڵکی ئاودانان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی شاری ئاودانان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢٧مانگ بەنکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای خەڵکی ئاودانان سەربە پارێزگای ئیلام، کە لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کراوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢٧مانگ بەنکردن، لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی ڕێژیم لە ئاودانان بانگ کراوە هەرلەوێ دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

ئەو مامۆستایە سەرەڕای ئەوەیکە سزای ٢٧مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە هاوکات سزای درووخستنەوە بۆ شاری “فنوج”ـی سەربە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها بۆ ماوەی ٢ساڵیش لە وتنەوەی وانە بێبەریی کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە ئیلام، بە تۆمەتگەلی تەبلیغ بەدژی ڕێژیم و تێکدانی ڕای گشتیی، ئەو سزایانەی بەسەردا سەپاندووە.