سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: کاوە ساڵحی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای سێجار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کاوە ساڵحی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی بەغێ و محاربە، سێجار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و بەڕەسمی ئەو سزایەی پێ ڕاگەیەندراوە.

سەپاندنی ئەو سزایە لەئاکامی ڕاپۆرتی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەدژی نابراوە کە دراوە بە دادگای ئینقلابی ڕێژیم و هەروەها هۆکاری سەپاندنی ئەو سزایە ئازاردان و ئەشکەنجەدان بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ بووە لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ و تائێستاش هیچ بەڵگەیەی ڕاست و دروست و بێلایەن لە دۆسیەکەیدا نییە.

شایانی باسە کە کاوە ساڵحی، لە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی دژبە ڕێژیمی ئێران لە بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و چەند مانگێک لە گرتنگەکانی سپای تێرۆریستی ڕێژیم لە ورمێ لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەدا بووە، کە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوو و لە ئێستادا کە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.