هاووڵاتییەکی دسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: عومەر شەریف‌حاجی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، عومەر شەریف‌حاجی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد کە پێشتر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەسبەسەر کرابوو، پاش تێپەڕبوونی ٤ مانگ لە سزاکەی، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی و مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازادکرا.

عومەر شەریف‌حاجی، لە کاتی تێپەڕاندنی ماوەی ڕاگیرانی لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەهاباد، سزای ١ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرابوو، هەروەها ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە.