ژنێکی خەڵکی بۆکان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: هەتاو ئەکرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هەتاو ئەکرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری “تیکاب”ـی سەربە ناوچەی هەوشار و دانیشتووی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان، بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و دواتر ئەو سزایە بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدراوە.

هەتاو ئەکرەمی، ئامۆزای مێهران ئەکرەمی، یەکیک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌یە، کە لە ١٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ و لەئاکامی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان لە گوندی “ئێنگیجە”ـی سەربە بۆکان و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کرد و پاش ٢٥ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٦ملیاردتمەن لە گرتنگەیەکی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ ئازاد کرا.