ڕاپۆرتێک لەسەر ئاشکرابوونی ناوی دەسبەسەرکراوانی بڵاواناوای دێولان

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری دێولانەوە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر شارۆچکەی بڵواناوا کە خەڵکەکەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، چەند هاووڵاتییەکیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، پاش ٣ ڕۆژ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی خەڵکی شارۆچکەی “بڵواناوا”ـی سەر بە شاری دێولان بەهۆی هاتووچۆی ماشێنی بارهەڵگری تایبەت بە کانگاکانی ڕێژیم و تێکدانی ڕێگاوبانەکانەکانیان، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هێزێکی تایبەتی سەرکوتکەر چەندین هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە کە بریتین لە:  جەمیل محەممەدی، شادمان محەممەدی، فواد محەممەدی، محەمەد محەمەدی، مەیسەم حاجی‌مەجید، سەمیر محەممەدی و دوو کەسی دیکەی خەڵکی گوندی “سرنجیانە” کە هەردوویان ناوبانگیان “باقری”ـیە و هەروەها لەو دەسبەسەر کراوانە ژمارەیەکیان بەدانانی بارمتە ئازاد کراون ژمارەیەکیشیان هەروا دەسبەسەرن.

سەرچاوەیەک لە بڵواناواوە بە خۆڕاگری ڕاگەیاند: ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو زیاتر لە ٢٠کەس بوون کە ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لە گرتنگەی ئینزامی ڕێژیمەوە لە بڵواناوە گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری قوروە و هەروەها زیاتر لە ١٠ کەسی دیکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دراونەتە بەر لێدان و بارودۆخی تەندروستی چەند کەسێکیان ناجێگیرە و هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر گردبوونەوەی ناڕازییانی بڵاواناوە لە کاتێدایە کە ٢ماشێنی بارهەڵگری تایبەت بە کانگای “مەیمووناوا” ئاگری تێبەردراوە و خەڵکی ناوچەکە ئەو هەوڵە بە هەوڵێکی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن خاوەنی کانگاکەوە بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی سەرکوتی ناڕازییان بووە.